رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە نزیک پازدە ڕۆژ لەمەوبەر ژنێک بە ناوی “شەهلا کەریمانی” تەمەن ٣٨ ساڵ، کچی رەحمان، خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هاوسەر و برای هاوسەرەکەیەوە “بە بەکار هێنانی لەچکە” بە شێوەی دڕندانە خنکێندراوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە هانا گەیشتووە، شەهلا کەریمانی دایکی دوو منداڵ، لە ناکاو بێسەروشوێن بووە کە دواتر تەرمەکەی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دۆزراوەتەوە. بە پێی زانیاریە بەردەستەکان هاوسەر و برای هاوسەرەکەی هاوکات دانیان بە کوشتنەکەدا ناوە.
بکوژەکان دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە تەرمەکەیان بە شێوەی شاراوە لە گۆڕستانێکی نزیک بەفرەوانی سەر بە شاروێرانی مەهاباد ناشتووە، کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤، تەرمەکە دۆزراوەتەوە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان جگە لە هاوسەر و برای هاوسەری شەهلا کەریمانی کەسێکی دیکەش بەشداری لەم قەتڵەدا کردووە بەڵام هاوسەر و برای هاوسەرەکەی دوای دەستبەسەر کرانیان خێرا دانیان پێداناوە کە بە بیانوویی ئەوەی بە “بابەتی ناموسی” ناونراوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی ئەم تاوانە، نەبوونی یاسای پشتیوانی لە ژنان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ژنکوژی دەزانێت. یاسا مەدەنی و خێزانیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ پشتیوانی و پاراستنێک بۆ کەسایەتی یاسایی سەربەخۆی ژنان دابین ناکەن و یاساکانی بنەمای شەریعەت بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکپارچەیی جەستەیی و دەروونی ژنانیان بە پیاوان و لە نێویاندا باوک و مێرد تەرخان کردووە. بوونی ئەم جۆرە دەسەڵاتە یاساییانە هۆکارێکە بۆ توندوتیژی و تەنانەت بردنی گیانی ژنان لەلایەن پیاوانی ناو خێزانەوە.