دوابەدوای سەرکوتی ئەمنییەتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لانیکەم ٢٧ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی دەرەشار، دێهلۆران و ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی هەینی ۱٢ی بەفرانباری ۱٤۰٤، (۲ی ژانویەی ۲۰۲٦) دوو شارۆمەند لەوانە منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوەکانی ئومید بیرانوەند و کورش نوری هەردووکیان خەڵکی دێهلۆران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە ١۱ی بەفرانباری ۱٤۰٤ (۱ی ژانویەی ٢٠٢٦) هەروەها ئیمان عەلیمورادی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، هەمان شەو دوو شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی محەممەد جەواد زارعی خەڵکی مورموریی سەر بە ئاودانان و محەمەد حەسەنوەند خەڵکی دەرەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
جگە لەوەش ١٥ شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی:
ئەمیرحوسێن عەلیزادە، فەردین ئاغایی، ئەبولفەزل جەمخانە، سەجاد ئازاد، عەبدوڵڵا ئازاد، ئێرفان فەرەهمەند، عەلیرەزا ڕەحمانی، ئەمیرزا ڕەحمانی، شەریف ئازاد و شایان موئمێنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ئیلامەوە دەستبەسەر کراون.
سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە، کە بە هەژمار کردنی دەستبەسەرکراوانی پێشووی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی پارێزگای ئیلام گەیشتووەتە ٢٧ کەس.
