ڕوودانی شەڕێکی خوێناوی و کوژرانی یەکێک لە هێزە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی لە بانە

بە پێی ئەو زانیاری و وێنانەی دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کەوتووە ، نزیکەی کاژێر ١:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ٣٠ پوشپەڕی ١٤٠٤، لە ناوچەی “ڕەشەقەلات”، لە نزیک خاڵی پشکنینی “گلوگاە”ی شاری بانە شەڕێکی چەکداری لە نێوان سپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار ڕوویداوە .

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، ئەم شەڕە لە نزیک بورجەکی سەرتەزێن لە پاسگای نەنۆڕ لە شاری بانە ڕوویداوە و لایەنەکانی شەڕەکە چەکی نیمچە قورسیان لە دژی یەکتر بەکارهێناوە.

شایەتحاڵانی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە کە شەڕەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان یەکێک لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە. ناسنامەی ئەم کەسە “سینا ستاروەند” ڕاگەیەندراوە.

تا کاتی ئامادە کرانی ئەم هەواڵە هیچ گروپ و لایەنێک بەشداریی لەم شەڕە چەکدارییەی ڕانەگەیاندووە . بەڵام هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە یەکێک لە لایەنەکان پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە .

شایانی باسە کە ئەم شەڕە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر (شەممە ٢٨ی پوشپەڕ) ئەندامێکی لقی سەربازی پژاک بە ناوی ئومید حوسێنی ناسراو بە “سمکۆ کۆبانی” خەڵکی کامێران لە سنووری پێنجوێنی هەرێمی کوردستان بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران گیانی لەدەستداوە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین