بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا : ڕزگار بەیگزادە بابامیری ، زیندانی سیاسی کورد کە ئێستا لە زیندانی ورمێ زیندانی کراوە دەستی بە مانگرتنێکی سنووردار کردووە . ئەم مانگرتنە لە خواردن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە فشاری دەزگا ئەمنییەکان لە کاتی لێپرسینەوە و بلاتەکلیفی لە زیندان و نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەنجامدراوە .
ڕزگار بەیگزادە بابامیری شارۆمەندی خەڵکی بوکان لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢ ، بە تۆمەتی دابینکردنی دەرمان بۆ بریندارانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو .
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە ئەو لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی توند بووە و ئێستا ڕووبەڕووی تۆمەتی “بەغی” و “موحاربە” بووەتەوە . ئەو تۆمەتانەی کە دەتوانێت ببێتە هۆی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆیی .
بە گوتەی کەسوکاری ئەم زیندانییە سیاسییە ، پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی شەفاف و دادپەروەرانە نەبووە و پارێزەرەکەی کاتێکی ئەوتۆی نەبووە تا بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لێبکات. جگە لەوەش نادڵنیایی دۆخی دۆسیەکە و بێ بایەخی دەسەڵاتی دادوەری بە داواکارییەکانی، لەو هۆکارانە بوون کە بوونە هۆی دەستپێکردنی ئەم مانگرتنە لە خواردن .بە وتەی بنەماڵەی ئەم زیندانییە ، تەندروستی جەستەیی ئەو لە دۆخێکی نیگەرانکەردایە . پێشتریش هەواڵی ڕەفتاری توندوتیژی و فشاری ئەمنی لەسەری لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بڵاوکرابووەوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خوازیاری :شەفافیەت لە پڕۆسەی دادگاییکردن و پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسیەی ڕزگار بابامیری ، و دووبارە پشکنینی دۆسیەکە لە دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆدا ، پێڕاگەیشتنی بەپەلە بە دۆخی جەستەیی و تەندروستی ئەو و کۆتاییهێنان بە فشارە ئەمنییەکان و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسیە .دۆسیەی ڕزگار بەیگزادە بابامیری یەکێکە لە زۆرێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کە تێیدا زیندانیانی سیاسی بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لەژێر فشاری ئەمنیدا سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە . ئەم دۆخە پێویستی بە گرنگیدان و کردەوەی خێرای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەیە بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەم زیندانییە و زیندانیە سیاسیەکانی دیکە .