ڕاگوێزانی ناسر ئەحمەدزادە بۆ زیندانی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی

هانا: ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ناسر ئەحمەدزادە، شارۆمەندی کوردی خەڵکی مەهاباد، بە مەبەستی بە سەر بردنی ماوەی سزاکەی بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ناسر ئەحمەدزادە تەمەن ٣٣ ساڵ خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە؛ ئەم شارۆمەندە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی”کردەوە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” دادگایی کرا بە ٣٩ مانگ زیندانی تەعزیری سزا درا و سزاکە دواتر دوای پێشکەشکردنی داواکاری تەسلیم بە بڕیار بۆ ١٥ مانگ زیندانیکردن کەم کرایەوە.

ناوبراو لە رێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی بە شێوەی خۆسەرانە لە گەڕەکی “کانی سۆفی رەشید”ی مەهاباد دەستبەسەر کرا و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنی ڕاگوێزرا و دواتر بۆ زیندانی مەهاباد گوازرایەوە و پاشان لە رێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناسر ئەحمەد زادە پێشتریش لە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای سێ هەفتە لە رێکەوتی ١٣ی خەرمانانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین