ڕاگوێزانی شێرزاد عەلی رەمایی وەرزشوانی کورد لە دوای ئەشکەنجە بۆ نەخۆشخانە و گەڕاندنەوەی بەپەلەی بۆ گرتووخانەی ئیتڵاعاتی سنە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە شێرزاد عەلی رەمایی وەرزشوانی کورد دوای دەستبەسەر کران و ئەشکەنجەی بەردەوام لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە توشی خوێنبەربوونی داخڵی بووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوێزراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە نەخۆشخانە لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی کورتماوە بە بنەماڵەکەی وتووە “کە حاڵی باش نیە” بەڵام پێش ئەوەی بنەماڵەکەی چاویان بە ئەو بکەوێت هێزە ئەمنییەکان دووبارە بۆ گرتووخانەی ئیتڵاعاتی سنە ڕایانگوێزاوە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد؛ لە نەخۆشخانە بە شێوەی جددی بەم وەرزشوانە ڕانەگەیشتوون و تەنها سرۆمێکیان بۆ داناوە و دواتر لە کاتێدا کە بارودۆخی تەندروستی خراپ ڕاگەیندراوە، جارێکیتر بۆ گرتووخانە ڕاگوێزراوە.

شایانی باسە شێرزاد عەلی رەمایی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین