بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو ، زیندانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام ، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ورمێ بۆ بەشی قەرەنتینەی ئەم زیندانە ڕاگوێزراوە . ئەم ڕاگوێزانە لە ئاستانەی جێبەجێ کرانی کوتوپڕی سزای سێدارە ئەنجامدراوە .
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بەڕێز حوسێن نژاد بە هانای ڕاگەیاند ، کە ئەو بۆ قەرەنتینە ڕاگوێزراوە و بە بنەماڵەکەشی ڕاگەیندراوە کە بۆ کۆتا چاوپێکەوتن سەردانی زیندان بکەن . هەروەها بە گوتەی پارێزەرەکەی سزای سێدارەی بەڕێز حوسێن نژاد بڕیارە ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، جێبەجێ بکرێت .
شایانی باسە ، لە ڕۆژانی ڕابردوو ، سزای سێدارەی “حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو” لە لقی ٩ی دادگای باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و سزاکە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بەم بەندکراوە سیاسیە کوردە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگەینراوە .
حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلو بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٩ ساڵ ، خێزاندار ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی ئاوایی “سگریک”ی سەر بە شاری چاڵدرانە .پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە ناوبراو لە رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ ، لەگەڵ چەند شارۆمەندی دیکەی خەڵکی ئەفغانستان لە سنووری چاڵدران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی بنکەی پاسەوانی سنوور لە چاڵدران ڕاگوێزرابوو .
ئەو ماوەی چەند کاژێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو و پاشان فەرمانی دەستبەسەر کرانی گوڕدرابوو بە دانانی بارمتە ، بەڵام بە بیانووی دەرکرانی حوکمی گرتن لە سەر داواکاری وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بارمتەی لێ قەبوڵ نەکرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو .
شایانی باسە ناوبراو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعات ڕاگیرا و لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و ڕۆحیدا بوو بە مەبەستی ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگیرێت کە بەشداری کردووە لە پێکدادانێکی سەربازی لە نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان pkk و هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ کەس لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور .
ئەم بەندکراوە سیاسیە کوردە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ماوەی ٨ مانک بە توندترین شێوە لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەمنییەتیەوە ئەشکەنجە کرا و تەنانەت لە لایەن کەسێک بە ناوەی ئەستیری کە لێکۆڵەری دۆسیەکەی بوو ئەشکەجە درابوو .
ئەو لە ژێر ئەم ئەشکەنجە قورسانەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرا و لە حاڵێکدا کە خوێنەواریشی نەبوو ناچار کرا ئەو نوسراوە و بەڵگەنامانە واژۆ بکات کە پێشتر لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنییەتیەکانەوە ئامادە کرابوون .ناوبراو لە کۆتاییەکانی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی” لە رێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان pkk ، سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنرا.
ئەم بەندکراوە سیاسیە لە ئێستادا لە بەندی پەزیرشی ٢ی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە .ئەم بەندکراوە سیاسیە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا تەنیا دوو جار توانیویەتی پەیوەندی تەلەفۆنی کورت ماوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت و لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە .