رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، خوێندکارێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی سەنا توسەنگی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری هەشتگرد لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لەم شارە بە تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانبار، نزیک کاتژمێر ٩ی شەو لە جەریانی خۆپێشاندانەکانی هەشتگرد هێزە سەرکوتگەرەکان بە بڕینی ڕوناکی شەقامەکان لە بەرامبەر فەرمانداری و یەکێک لە بنکەکانی ئاگاهی لە بلواری ئایەتوڵڵا خامنەیی هێرشیان کردووەتە سەر شارۆمەندان و خۆپێشاندەران.
لەم جەریانەدا سەنا توسەنگی لە پشتی سەر بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە کە فیشەکێک بەر کەمەر و فیشەکێک بەر پشتی ملی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
دوای کوژرانی سەنا تەرمەکەی لە کەشێکی ئەمنی و بە ئامادەبوونی هێزە جلوبەرگ مەدەنی و ئەمنییەکان لە گۆڕستانی نەزەراوای هەشتگرد ئەسپەردە کراوە.
دامودەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکە و بەڵێننامەی نوسراویان پێنوسیون و هەروەها ڕێگایان بە راگوێزانی تەرمی ئەم منداڵە بۆ شوێنی لە دایکبوونەکەی نەداوە.
شایانی باسە، سەنا توسەنگی خەڵکی بەشی کوزەرانی سەر بە شاری کرماشانە و کوردە یارسانەکانی قەزای سەنجابیە و لە تایفەی ناسراوی توسەنگیە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دووپاتی دەکاتەوە کە بە کارهێنانی چەک لە دژی شارۆمەندان و بە تایبەتی منداڵان پێشێلکاری ئاشکرای مافی مروڤ و پابەندیە نێودەوڵەتیەکانی کوماری ئیسلامی ئێرانە بە تایبەتیش کۆنواسیۆنی مافەکانی منداڵان، هانا داوای ئەنجامدرانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف و لێپرسینەوە لە بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم کارانە دەکات.
