بە پێی ڕاپۆرتی هانا و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کەناڵی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی یەکێتیەکانی سنفی مامۆستایانی ئێران، چوار ماموستای شاری دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەمەدی، هیوا قوڕەیشی، کاوە محەمەدزادە و پەرویز ئەحسەنی دوای دەستبەسەر کران لە جەریانی گردبوونەوەی سنفی مامۆستایان لە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ و ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەر بوون لە ژوری تاکەکەسی، ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بۆ هەمیشە لە کارەکانیان دوو خرانەوە.
ئومید شامحەمەدی جگە لەمە پێشتریش سزای پێنج ساڵ زیندانی تەعلیقی بە سەردا سەپێندرابوو.
لە شاری سنەش حەوت مامۆستای دیکە فەرمانی جۆراوجۆری ئیداریان بۆ دەرچووە.
ناسنامە و وردەکاری سزاکان بەم شێوەیە کە لە خوارەوە هاتووە:
مەجید کەریمی (ماستەر لە زانستە سیاسیەکان ٢٢ ساڵ پێشینە) دەرکردن لە کار و دووخرانەوەی هەتاهەتایی لە کار و خزمەتگوزاریە حکومییەکان
غیاس نیعمەتی (ماستەر لە دەروونناسی بالینی ١٧ ساڵ پێشینە) دەرکرانی یەکجاری لە پەروەردە
سەلاح حاجی میرزایی (ماستەر لە مێژوو ٢٦ ساڵ پێشینە) دەرکردنی کاتی بۆ ماوەی ساڵێک
نەسرین کەریمی (ماستەر لە کۆمەڵناسی ٢٧ ساڵ پێشینە) خانەنشین کردنی زۆرەملێ بە کەمکردنەوەی دوو پۆلی کاری
لایلا زارعی (بەکالۆریۆس لە فێرکاری سەرەتایی ٣٠ ساڵ پێشینە) لابردن لە پۆستی جێگری قوتابخانە و خانەنشین کردنی زۆرەملێ لەگەڵ کەمکردنەوەی یەک پۆلی کاری
فەیسەڵ نوری(ماستەر لە بیرکاری ١٩ ساڵ پێشینە) دوور خرانەوە بۆ پارێزگای کرماشان بۆ ماوەی پێنج ساڵ
مامۆستایەکی تریش سزای دەرکردنی بە سەردا سەپێندراوە کە ناوەکەی بە هۆکاری بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشە خێزانیەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
هەروەها لە شاری سەقزیش سێ ئەندامی کۆمەڵەی سنفی مامۆستایان سزای ئیداریان بە سەردا سەپێندراوە. بە پێی سزاکان شەهرام کەریمی بە شەش مانگ دوور خرانەوەی لە خزمەت، لوقمان ئەڵڵامورادی سزای ساڵیک دوو خرانەوە لە خزمەت و سلێمان عەبدی سزای خانەنشین کردن بە کەمکردنەوەی دوو گروپی کاری بە سەردا سەپێندراوە.