بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەشتووە: ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) زیندانیەک بە ناوی ئەمیر ئەمیری خەڵکی ئاوایی “کەندۆڵە”ی سەر بە شاری سەحنەی کرماشان، بە هۆکاری نادیار لە زیندانی قزڵحسار گیانی لە دەستداوە.
ئەمیر ئەمیری تەمەن ٤٢ ساڵ کوڕی ڕەزا و باوکی کچێک بوو.
سەرچاوەکانی هانا ڕایانگەیاند، ناوبراو پێشتر لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە داوای پێڕاگەیشتنی خزمەتگوزاری پزیشکی کردووە بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە زیندانەوە پەیوەندی بەم بنەماڵەوە کراوە و هەواڵی مەرگی کوڕەکەیان بەبێ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەک پێیان ڕاگەیانراوە.
شایانی باسە ئەمیر ئەمیری لە دوو ساڵ و شەش مانگ لەمەوبەرەوە بە هۆی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دادگاوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای رونکردنەوە لە رێکخراوی زیندانەکان لە سەر مەرگی گوماناوی ئەم زیندانیە دەکات. شایانی باسە لە ساڵانی ڕابردوودا گیانلەدەستدانی گوماناوی زیندانیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووەتە بابەتێکی نائاسایی و بەرپرسانی دادوەری هیچ ڕونکردنەوە و وڵامێک لەمبارەوە ناخەنەڕوو.