ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبری ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ماڵێک و ژمارەیەک کەسیان بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەرکردووە.
ئەم هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵەکان، دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلی شەخسی ئەندامانی بنەماڵەکەکەدا گرتووە لەوانە مۆبایل و تابلێت و لاپتۆپ و خۆیان بە “هێزی وەزارەتی ئیتلاعات بە فەرمانی دادوەرییەوە” ناساندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ حوکمێکیان بۆ دەرنەچووە.
تا کاتی ئامادەکرانی ئەم هەواڵە، هانا نەیتوانیوە بە تەواوەتی ناسنامەی ئەو دەستبەسەرکراوانە پشتڕاست بکاتەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی هانا، “زانکۆ کەریمی” کوڕی ئیقباڵ و خەڵکی شاری لاویسان، خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵان، “حاتەم” خەڵکی ئاوایی سێف، “ڕەفیق” خەڵکی ئاوایی زوێران، عەبدوڵڵا و لوقمان ڕازین، هەردووکیان کوڕی مەحمود و ڕابیعە، خەڵکی ئاوایی “چالیسور”، و کەسێکی دیکە کە کاسبکار بووە، دەستبەسەر کراون.
هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی توندووتیژانە هەڕەشەیان لە بنەماڵەکان کردووە هیچ ڕاگەیاندنێک لە سەر ئەم ڕووداوە نەدەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هانا، هێشتا هیچ زانیاریەکی فەرمی سەبارەت بە ئەو دامەزراوە وئەو شوێنە نییە کە ئەم کەسانە تێیدا دەستبەسەرن.
هانا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە چارەنوسی ئەو کەسانە، داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە دەتوانن بە هەر شێوەیەک هاوکاری بکەن بۆ ناسینەوەی تەواوەتی ئەو کەسانە پەیوەندی بە هانا بکەن. هەموو لێکۆڵینەوەکانی هانا بە نهێنی و بە بەرزترین ستانداردی پاراستنی ئاسایشی کەسی ئەنجام دەدرێن.
