سنە- ئانیلا ساعدی ، منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵان و دانیشتووی گوندی ئاسوڵەی سەر بە شاری سنە ، بووەتە قوربانی ئەشکەنجە و ئازاری ترسناک لەلایەن زڕدایکەوە .
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ، پرسی ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ئانیلا دوای 14 ڕۆژ نەچوونی بۆ قوتابخانە و بەدواداچوونی کارمەندانی قوتابخانەکە ئاشکرا بووە .
باوکی ئەو منداڵە بە هۆی کارەکەی کە دەستفرۆشی لە شاری سنە بووە بە دەگمەن لە ماڵەوە بووە. هەروەها ئارشیا برا گەورەکەی ئانیلا سەرەڕای ئەوەیکە لە ماڵەوە بووە بە هۆی ترسی ئازاردانی لە لایەن زڕدایکیەوە نەیتوانیوە باوکی لە دۆخەکە ئاگادار بکاتەوە و بە سود وەرگرتن لەم دۆخە زڕدایکیان بە خراپترین و نامرۆڤانەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ ئانیلادا کردووە .دوای دوورکەوتنەوەیەکی درێژخایەنی ئەنیلا لە قوتابخانە بەرپرسانی قوتابخانەکە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت کە لەلایەن زڕدایکیەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت .دوای ئەوەی ئەو ڕەفتارە ترسناکەی زڕدایکە ئاشکرا بووە دەرکەوت کە باوکی ئانیلا و کەسانی نزیکی ئەویش ئاگاداری بارودۆخی ناجێگیری منداڵەکە و ڕەفتاری نامرۆڤانەی زڕدایکیان بوون و هیچ کارێکیان بۆ پاڵپشتی و پاراستنی ئانیلا نەکردووە .
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، باوکی ئانیلا تەنها دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە هاندراوە سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی (زڕدایکی ئانیلا) تۆمارکردووە . بەپێی زانیارییە بەردەستەکان ، سەرەڕای ئەنجامدانی تاوانێکی لەو شێوەیە زڕدایک بە بیانوی ئەوەی تازە منداڵی بووە بە بارمتە ئازاد دەکرێت .
بە پێی ئەو ئامارانەی بەردەستن ، بە هۆی نەبوونی میکانیزمی کاریگەرانەی پاراستنی منداڵ لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەشکەنجە و ئازاردانی منداڵان بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە .زۆرێک لە منداڵان بەهۆی ترس و نەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی پاراستنی منداڵان لە ئێراندا ناتوانن ئازار و ئەشکەنجە و بە تایبەت لە لایەن دایک و باوکیان و کەسانی دەوروبەریانەوە دەرببڕن .
حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەرکە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی و بە تایبەت کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ هەرگیز ڕێوشوێنی یاسایی و قەزایی گونجاوی بۆ پاراستنی کەسایەتی و یەکپارچەیی جەستەیی و دەروونی و ڕەچاوکردنی بنەمای بنەڕەتیی بەرژەوەندییەکانی منداڵی نەگرتووەتەبەر .
یاساکانی کۆماری ئیسلامی کە لە فیقهی کلاسیکی ئیسلامی وەرگیراون پەروەردەکردن و بابەتەکانی پەیوەست بە منداڵانی دابەزاندووە بۆ کایەی یاسای تایبەت و حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکی دەستێوەردانی گونجاوی بۆ پاراستنی منداڵان نەگرتووەتەبەر .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەشکەنجە و ئازاردانی ئانیلا ساعدی داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە گرنگییەکی تایبەت بە بارودۆخی ناجێگیری مافی منداڵان لە ئێران بدەن .