ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە کۆبوونەوەی لێپرسینەوە لە ٧ چالاکی مەدەنی لە دادسەرای سنە

بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ، ڕۆژی یەکشەممە “٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣” کۆبوونەوەی لێپرسینەوە بۆ حەوت چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی زارا محەممەدی ، فاتمە زەندکەریمی ، سۆهراب جەلالی ، موختار ئەسەدی ، کەمال فەکوریان ، جەمیل ئەمینی و جەمال ئەسعەدی ، بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی ” لە دادسەرای سنە بەڕێوەچووە .

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم چالاکە مەدەنیانە لەگەڵ پارێزەرەکانیان وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتانەی کە خراوانەتە پاڵیان جەختیان لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ئاشتیانە کردەوە .

شایانی باسە ئەم دۆسیەیە لە پێوەندی لەگەڵ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ بۆ پشتیوانی لە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تۆمار کراوە و لەسەر بنەمای سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی گشتی کوردستان بووە.

تۆمەتباران وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی” جەختیان لەوە کردەوە کە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان مافێکی سروشتی و ڕەوای خۆیانە و هیچ چالاکیەکی تاوانکارییان ئەنجام نەداوە .

پارێزەرانی بەرگریکار بە ئاماژەدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ کردەوەی موکلەکانیان بە تەواو یاسایی و لە چوارچێوەی مافە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان وەسف کرد .

لە کۆتایی کۆبوونەوەی لێپرسینەوەدا ئەم چالاکە مەدەنیانە بە دانانی بارمتە تا کۆتایی هاتنی قۆناخەکانی دادڕەسی دۆسیەکە ئازاد کران .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناڕەزایەتی مەدەنی ئەم کەسانە لە دژی سزای لەسێدارەدان تەنانەت بە پشتبەستن بە یاسا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو کەمترین مافانەی کە لە بەشی سێی یاسای بنەڕەتیدا هاتووە کە بە “مافەکانی نەتەوە” ناسراوە و لە هەر جۆرە تایبەتمەندییەکی تاوانکاری بەدوورە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین