ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە هێرشی کەسانی نەناسراو بۆ سەر رامیار ئیزەدی پەناخوازی سیاسی کورد لە نەرویج

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا: ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، نزیکەی کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، رامیار ئیزەدی، پەناخوازی سیاسی کورد دانیشتووی وڵاتی نەرویج، دوای ئەوەی لە زانکۆی ستاوانگێر لەلایەن دوو کەسی دەمامکدارەوە هێرشی کراوەتەسەر و لە ئەنجامدا سەری بریندار بووە.

ڕامیار ئیزادی خوێندکاری زانکۆی ستاوانگێر و چالاکی مەدەنی و سیاسی کوردە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی کارای لە چالاکی و بەرنامە ئەکادیمی و مەدەنییەکان و بە تایبەت لە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بینیوە.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، هێرشبەرەکان دوای ئەنجامدانی هێرشەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون و پۆلیسی نەرویجیش لەگەڵ گەیشتنی ڕاپۆرتی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەی فەرمی دەستپێکردووە و ئۆپەراسیۆنی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش بەردەوامە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی پۆلیسی نەرویج هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو بابەتە بڵاونەکردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە ئاماژەدان بە مێژووی هەڕەشە و توندوتیژی لە دژی چالاکانی سیاسی کورد لە دەرەوەی وڵات، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەلامەتی پەناخوازان و چالاکانی سیاسی دەردەبڕێت و خوازیاری بەدواداچوونی جددی سەبارەت بە ئەگەری ڕۆڵی تۆڕەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم جۆرە هێرشانەدایە.
هەروەها هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتە میواندارەکان ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی پەناخوازانی سیاسی.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین