ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەپشتبەستن بە زانیارییە باوەڕپێکراوەکانی، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی ڕوبینا ئەمینیان، خوێندکاری تەمەن ٢٢ ساڵی کوردی زانکۆی شەهید بەهەشتی دەکات، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی تاراندا گیانی لەدەستداوە. ڕوبینا خەڵکی مەریوان بووە و بنەماڵەکەی دانیشتووی شاری کرماشانن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەکەی، دوای کوژرانی ڕوبینا ئەمینیان، هێزە ئەمنییەکان ڕەتیان کردووەتەوە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە. سەر ئەنجام دوای پێداگری و بەدواداچوونی زۆر، بنەماڵەکەی توانیویانە مۆڵەتی ناسینەوەی تەرمەکەی وەربگرن. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە کاتی ناسینەوەی تەرمەکەدا، بنەماڵەی ڕوبینا ڕووبەڕووی تەرمی دەیان و بەپێی هەندێک ڕاپۆرت سەدان گەنجی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ بوونەتەوە؛ ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی سەبارەت بە ڕەهەند و ئاستی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران دروست کردووە.
بنەماڵەی ڕوبینا بۆ ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی زیاتر، لە کورتترین ماوەدا تەرمەکەیان بۆ کرماشان گواستووەتەوە.
هەر لەگەڵ گەیشتنەوەیان، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی لە دەوروبەری ماڵی بنەماڵەکەی جێگیر بوون و کەشێکی توندی ئەمنییان دروست کردووە و ڕێگرییان لە ئەنجامدانی هەر جۆرە مەراسیمێکی پرسە و سەرەخۆشی گشتی کردووە.
بنەماڵەی ڕوبینا لەژێر گوشارێکی زۆری ئەمنیدا ناچار کراون تەرمی کچەکەیان بەبێ مەراسیم و بەبێ ئامادەبوونی شارۆمەندان بە خاک بسپێرن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە ڕێگریکردن لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان، نیشاندانی تەرمی قوربانیانی تر بە بنەماڵەکان، فشارە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە شینگێڕی، نموونەی ئاشکرای پێشێلکاری مافەکانی مرۆفن. ئەم کردارانە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا وەک پێشێلکارییەکی ڕێکخراو دژی مافی بنەماڵەی قوربانیان ئەژمار دەکرێن.
هانا داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە ئەم دۆسیەیە وەک نموونەیەکی جددیی پێشێلکردنی “مافی ژیان”، “کەرامەتی مرۆیی” و “مافی شینگێڕی ئازادانە” بە شێوەیەکی تایبەت بەدواداچوونی بۆ بکەن.
