ڕاپۆرتی مانگانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان ـــ مانگی سپتەمبری ٢٠٢٥

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە .

بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ، زۆربەی پێشێلکاری مافی مرۆڤیەکان لە بەشەکانی مافی ژیان، مافە مەدەنی و سیاسیەکان و بە تایبەتی لە بواری ئازادی کەسەکان ، قەدەغەی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە ڕوویانداوە .

دەستبەسەر کردنە سەرەڕۆیانەکان:

ناوەندی ئاماری هانا ٤١ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی شارۆمەندانی کورد لە شارەکانی کوردستانی لە لایەن دامەزراوە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە. لەم مانگەدا ڕێژەی دەستبەسەر کردن لەچاو مانگی ڕابردوو ٣٣٪ کەمی کردووە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا، زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە و بڕیاری دادوەر ئەنجام دراوە. زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، چالاکی مەدەنی و سنفی، چالاکی میدیای و لەم دواییانەش تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بووە. لە نێو دەستبەسەر کراواندا ١٠ منداڵ و پێنج ژن بوونیان هەیە. لەم مانگەدا ١٠ کەس لە بەندکراوان لە کۆی گشتیدا سزای ٢٩٠ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکانیان بۆ بەندیخانەکان ڕاگوێزراون. لەم مانگەدا شارۆمەندێکی کوردیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.

مافی ژیان و سزای سێدارە:

لە مانگی سپتەمبری ٢٠٢٥، لانیکەم ٣٢ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. لە نێو ئەم کەسانەدا ١٧ کەس بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و ١٥ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست لە سێدارە دراون. ڕێژەی لە سێدارەدان لەم مانگەدا لەچاو مانگی پێشوو ١٤٪  و لە چاو ساڵی پێشوو هەر ئەم مانگە ٢٢٠% زیادی کردووە.

لەم مانگەدا بەندکراوێکی کورد بە ناوی ئەمیر ئەمیری خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان بە شێوەی گوماناوی لە بەندیخانە گیانی لە دەستداوە.

کۆڵبەران:

بە پێی ئاماری هانا لانیکەم ٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو یان بریندار بوون. لەم ژمارە کەسە ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٤ کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

ناسنامەی سەرجەمی کوژراو و بریندارەکان لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤ هانا تۆمار کراوە و بەردەستە. زیانەکانی کۆڵبەران لەچاو مانگی ئوت ٤٠٪ زیادی کردووە.

خۆکوژی:

ئاماری خۆکوژی  (هانا تەنها بە هۆکاری بارودۆخی قەیراناوی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئاماری خۆکوژی بڵاو دەکاتەوە ، بەم پێیە خۆکوژی جۆرێکە لە توندوتیژی)

لەم مانگەدا لانیکەم ١٧ کەس، ٩ ژن و ٦ پیاو و دوو منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، لە ئەنجامی هەژاری، بێکاری و کێشەی خێزانی لە شار و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ئاماری خۆکوژی لەچاو مانگی ڕابرڕوو ١٢٨٪ زیادی کردووە بەرز بوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی بە تایبەتی دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران کە لێکەوتەی ئابوری زۆر زیانبەخشی لە سەر داهاتی شارۆمەندان بووە لە هۆکارە سەرەکیەکانی زۆر بوونی خۆکوژیەکانە.

توندوتیژی خێزانی:

لە مانگی سپتەمبر توندوتیژی لە دژی ژنان بەردەوام بووە و ژنان لە لایەن پیاوانی بنەماڵە وەک هاوسەر یان باوکەوە ئازار دراون. لە ئەنجامی ئەم توندوتیژیانە دوو منداڵی تەمەن ٩ و ١٧ ساڵان گیانیان لە دەستداوە.

مافی کرێکاران:

لە مانگی سپتەمبر، ١٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار لە ئەنجامی نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە. لەم مانگەدا ڕێژەی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەچاو مانگی ئوت ٢٣٣٪ زیادی کردووە.

مافی ژینگە:

لە مانگی سپتەمبر بەشێک لە دارستانەکانی کوردستان سوتاون. چالاکانی ژینگە پارێز سەرەڕای ئەوەی هیچ کەلوپەلێکی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگریان نەبووە هەوڵیان داوە ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکەن. لە جەریانی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە مەریوان چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی “ڕێبین گۆران” بریندار بوو و دوای یەک هەفتە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستدا. پێویستە وەبیربهێنرێتەوە کە لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٥، شەش چالاکی ژینگە پارێز لە جەریانی کوژاندنەوەی ئاگری شاخی ئاویەری سنە بریندار بوون کە چوار کەسیان بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەستدا.

لێکدانەوەی هانا:

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی لە ئاست بەردەوامی شەپۆلی لە سێدارەدان لە ئێران هۆشداری دەدات.

بە پێی داتا کۆکراوەکان ژمارەی لە سێدارەدانەکان لە مانگی سپتەمبری ئەمساڵ لەچاو رێکەوتی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو ٢٢٠لەسەد زیادی کردووە.

هەروەها هانا نمونەکانی پێشێلکاری مافی منداڵان، دەستبەسەر کردنە سەرەڕۆیانەکان و ڕاگرتنیان لە بەندیخانەکان بە توندی مەحکوم دەکات. ئەم جۆرە کارانە نمونەی ڕونی پێشێلکاری بنەڕەتی بنەماکانی مافی مرۆڤن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای جەتکردنەوە لە سەر پێویستی کۆتایی هێنانی بەپەلە بەم پڕۆسانە، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵگای جیهانی دەکات کە ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ پێشگرتن لە بەردەوامی پێشێلکاری سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران بگرەنەبەر.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥

بەکارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ئازادە

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین