ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر مەرگی گوماناوی یاسین سەیف پەناهی لە دەستبەسەر کراوانی پێشوویی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە یاسین سەیف پەناهی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی شاری دێولان ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەستداوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە، یاسین سەیف پەناهی لە رێکەوتی ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥، بە هۆکاری بەشداری لە ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە رەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، ناوبراو کەسێکی وەرزشکار و کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام دەستبەسەری و گوشارە ئەمنییەکان، بە تەواوەتی ڕۆحیەی گۆڕاوە و بنەماڵەکەی هەستیان کردووە هەندێک شت هەن کە ئەو باسیان ناکات.

شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک پەیوەندی تەلەفۆنی گوماناوی لە کۆمەڵێک ژمارەی نەناسراو بەم شارۆمەندەوە کراوە و بە هاورێکانی وتبوو کە دەیهەوێت وڵات بەجێبهێڵێت.

تەرمی بێ گیانی یاسین لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و لە لێدوانی سەرەتایی پزیشکی دادوەریدا هۆکاری مردنەکەی بە “خۆکوشتن” ڕاگەیاندرا. سەرەڕای ئەم لێدوانە بنەماڵەکەی ئەمەیان ڕەتکردووەتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دەستگیرکردنی وە هەروەها فشارە ئەمنییەکانی لەسەری، پێیان وایە گیانلەدەستدانەکەی گوماناوی بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە لەبەرچاوگرتنی سەربەخۆیی پزیشکی دادوەری هاوتەریب لەگەڵ ئەرکە پیشەییەکانی، داوای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لە دەستدانەکە لەلایەن لیژنەیەکی پێکهاتوو لە پزیشکانی بێ سنوور و خاچی سوور و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری سەربەخۆ دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین