ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر تیرۆری مامۆستا مەسعود نەزەری چالاکی ئایینی سیاسی کورد لە تورکیا

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە شەوی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، مامۆستا مەسعود نەزەری لە چالاکانی ئایینی و سیاسی کورد، خەڵکی جوانڕۆ، لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری ئەستەنبۆڵی تورکیا لە لایەن کەسانی نەناسراو هێرشی چەکداری کراوەتە سەر و بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لە دەستداوە.

بە گوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەکەی ئەم تیرۆرە رێک لە بەردەم دەگای ماڵەکەی ئەنجام دراوە و هێرشبەرەکان بەخێرایی شوێنەکەیان بەجێهێشتووە.شایانی باسە ئەم مامۆستایە نزیک دە ساڵ لەمەوبەر بە هۆکاری چالاکی ئایینی و سیاسی و ڕەخنەگرانەی لە دژی کۆماری ئیسلامی وڵاتی بەجێهێشتووە و لە کاتەوە بە ناچار لە تورکیا بووە.

بەو پێیە کە کۆماری ئیسلامی پێشنەی تیرۆری سیاسی لە خاکی تورکیا هەیە، بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو مامۆستایە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی ئەم تیرۆرە دەزانن. بە وتەی بنەماڵەکەی ئەم مامۆستایە پێشتریش چەندین جار لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە هەڕەشەی لێکراوە.

مامۆستا نەزەری کەسایەتی ناسراوی ناو چالاکانی ئایینی سوننەی کورد و ڕەخنەگرێکی جیددی لە سیاسەتی هەڵاواردن و جیاکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی بوو.ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای مەحکوم کردنی ئەم تیرۆرە، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی توندوتیژی کۆماری ئیسلامی لە دژی چالاکانی سیاسی لە تورکیا، داوای بەدواداچوونی گونجاو لە لایەن دەزگاکانی پۆلیس و ئەمنی ئەو وڵاتە و هەروەها ڕوونکردنەوە سەبارەت بە پاڵنەرەکانی ئەم قەتڵە سیاسییە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین