ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە .
بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ، زۆربەی پێشێلکاری مافی مرۆڤیەکان لە بەشەکانی مافە مەدەنی و سیاسیەکان و بە تایبەتی لە بواری ئازادی کەسەکان ، قەدەغەی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە و مافی ژیان ڕوویانداوە .
دەستبەسەرکردنە خۆسەرانەکان:
ناوەندی ئاماری هانا ٦۲ حاڵەتی
دەستبەسەرکردنی خۆسەرانەی شارۆمەندانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کوماری ئیسلامی تۆمار کردووە. لەم مانگەدا ڕێژەی دەستبەسەرکردنەکان بە نسبەت مانگی ڕابردوو ۳٤ لەسەد کەمی کردووە بەڵام لەچاو مانگی ئاگۆستی ساڵی پێشوو ٥ لە سەر ۳۳ زیادی کردووە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، زۆربەی هەرەزۆری ئەم دەستبەسەر کردنانە بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە و بڕیاری دادوەر ئەنجام دراون . زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، چالاکی مەدەنی و سنفی، چالاکی میدیای و لەم دواییانەش تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بووە و هەروەها ٥ ژن لە نێو ئەم کەسانەدان کە دەستبەسەرکراون، لەم مانگەدا ۱۰ کەس لە زیندانیەکان بە کوێی گشتی بە ۱۱۲ ساڵ زیندان سزا دراون و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەیان بۆ زیندان گوازراونەتەوە.
مافی ژیان و سزای سێدارە:
لە مانگی ئاگۆستی ۲۰۲٥، لانیکەم ۲٨ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، لە نێو لە سێدارەدراوان ۱٥ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان، ۱۱ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و دوو کەسیش بە تۆمەتی موحاربە لە سێدارە دراون. ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لەم مانگە بە نسبەت مانگی جولای ۱۰۰ لە سەد و لە چاو مانگی ئاگۆستی ۲۰۲٤، ١٣٣ لە سەد زیادی کردووە.
شایانی باسە لەم مانگەدا سێ شارۆمەندی کورد، یەک لە تاران و دوو کەس لە یەکێک لە شارەکانی لوڕستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. لەم مانگەدا زیندانیەک دوای ئازاد کردنی لە زیندان بە شێوەی گۆماناوی گیانی لە دەستداوە و زیندانیەکیش لە زیندان کۆتای بە ژیانی خۆیی هێناوە

گرافیکی سەرەوە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە مانگی ئاگۆست بە بەراورد بە مانگی جولای نیشان دەدات.
کۆڵبەران:
بە پێی ئاماری هانا لانیکەم ٥کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو یان بریندار بوون لە نێویاندا کۆڵبەرێک بە ناوی ڕەحمان ڕەسوڵزادە خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و ٤کەسیش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون کە ناسنامەی سەرجەمیان لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تۆمار کراوە. زیانەکانی کۆڵبەران ٥٨ لەسەد بە نسبەت مانگی جولای کەمی کردووە.
خۆکوژی:
ئاماری خۆکوژی (هانا تەنها بە هۆکاری بارودۆخی قەیراناوی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئاماری خۆکوژی بڵاو دەکاتەوە ، بەم پێیە خۆکوژی جۆرێکە لە توندوتیژی)
لەم مانگەدا لانیکەم ٨ کەس، ۳ ژن و ٥ پیاو بە هۆی هەژاری و بێکاری لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە لە نێویاندا سەربازێک لە پادگان کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە. ئاماری خۆکوژی بە نسبەت مانگی ڕابردوو ٥٥ لەسەد کەمی کردووە.
کرێکاران:
لە مانگی ئاگۆست ۳ کەس لە کرێکاران بە هۆی نەبوونی ئەمنیەتی کار لە شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە.
مین:
مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕ و هەروەها مینە تازە چێندراوەکان مەترسی جدین لە سەر شارۆمەندانی کورد بە تایبەت لە ناوچە سنووریەکان و هەروەها نزیک بنکەو بەرەگاکانی هێزە سەربازیەکانی حکومەتە، لەم پەیوەندیەدا ٤ منداڵ لە شاری دیواندەرە بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لەم مینانە بریندار بوون کە بارودۆخی تەندروستی ۲ کەسیان ناجێگیر ڕاگەیندراوە.
هەڵسەنگاندنی مانگانەی هانا دەرخەری زیادبوونی ڕێژەی سەد لە سەدی ئێعدامەکانە کە جێی نیگەرانیە و ئەم کارە بە مەبەستی دروست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە نێو شارۆمەنداندا ئەنجام دەدرێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٥
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگا پێدراوە
Email : info@hanahr.org
Web site: www.hanahr.org