چوار بەندکراوی سیاسی سزای ١٣ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی “محەمەد دانیاڵی، وەحید چاوران، ناسر رەزایی و محەمەد حوسێن حاسڵی” لە دۆسیەی نوێدا لە لایەن لقی دوویی دادگای کەیفەری یەکی پارێزگای ئیلام بە گشتی سزای ١٣ ساڵ و شەس مانگ بەندکرانی تەعزیریان بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ وەحید چاوران و ناسر رەزایی بە تۆمەتی “هەڵگرتنی چەک” هەر کامەیان بە پێنج ساڵ بەندکران، محەمەد دانیاڵی بە تۆمەتی “هەڵگرتنی دەمانچە” بە ٢ ساڵ بەندکران، محەمەد حوسێن حاسڵی بە تۆمەتی “بەشداری لە شەڕ” بە ساڵێک و بە تۆمەتی “هەڵگرتنی چەکی شکاری” بە شەش مانگ بەندکران سزا دراون.

هەروەها لە حوکمی محەمەد حوسێن حاسڵیدا پێبژاردنی دە ملیۆن تمەن جەریمەی نەغدی و دیە بە سکاڵاکار وەک سزای تەواوکەر دیاری کراوە.

بە پێی زانیاریەکانی هانا، ئەم چوار بەندکراوەیە پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی دیکەدا و لە جەریان بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوون و لەو دۆسیەدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیلام هەرکامەیان بە تۆمەتی “موحاڕبە و کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ١٢ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد سزا درابوون.

ئەم کەسانە لە نێوان مانگەکانی پوشپەر تا گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ وە دواتر سێ کەس لەم بەندکراوانە ناسر رەزایی، وەحید چاوران و محەمەد حوسێن حاسڵی لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٤، بە تەرتیب بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد ڕاگوێزرابوون.

شایانی باسە، محەمەد دانیاڵی کە پێشتر بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٢ ساڵ بەندکران سزا درابوو ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین