پێنج زیندانی سیاسی کورد لە ورمێ سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “رەزا نەجەفزادە” پێنج زیندانی سیاسی کوردی بە ناوەکانی “پژمان سوڵتانی ، سۆران قاسمی ، کاوە ساڵحی ، رزگار بابامیری و تەیفور سەلیمی بابامیری” خەڵکی بۆکان و لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە کۆیی گشتی بە دوازدە جار لە سێدارەدان سزا داوە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ سزاکان ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی پوشپەڕی ١٤٠٤، دوای دادگایی کرانی ئۆنلاین ، بە پارێزەرانی ئەم زیندانیانە ڕاگەینراوە .

بە پێی سزا دەرکراوەکان ، پژمان سوڵتانی ، سۆران قاسمی و کاوە ساڵحی هەر کامەیان بە سێ جار لە سێدارەدان ، ڕزگار بابامیری بە دوو جار لە سێدارەدان و تەیفور سەلیمی بابامیری کە بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو ، بە جارێک لە سێدارەدان سزا دراوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، تۆمەتەکانی سەر ئەم زیندانیانە “بەغی و موحاڕبە” ڕاگەینراوە و دامەزراوە ئەمنییەکان ئەوانیان بە “هاوکاری لەگەڵ حزبە ئۆپۆزۆسیۆنە کوردستانیەکان وەک حزبی کۆمەڵە و حزبی پاک” تۆمەتبار کردووە ، ئەو تۆمەتانە تەنها لە سەر بنەمای ڕاپۆرتە ئەمنیەتیەکان و دانپێدانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ئامادە کراون .

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، ئەم پێنج تۆمەتبارە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەتایترین مافە یاساییەکانیان لەوانەش دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر ، چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان و خزمەتگوزاری پزیشکی ، بێبەش کراون . هەروەها کۆمەڵێک بەڵگەنامە بەردەستن کە ئەوان لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون .

دەرکردنی ئەم جۆرە سزا قورسانە لە حاڵێکدا بووە کە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار بە نسبەت بە کار هێنانی سزای سێدارە لە دژی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان وەک ئامرازێک ، هۆشداریان داوە .

در بارەی دادوەر رەزا نەجەف زادە سەرۆکی لقی یەکی دادگای شۆرشی ئیسلامی ورمێ پێشتر هانا ئاگاداری بڵاو کردوەتەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قۆڵی بە نسبەت ئەم حوکمە نادادپەروانەیە ، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەکات سەرنجی خێرا بخەنە سەر بارودۆخی ئەم زیندانیە سیاسیە کوردانە و بۆ ڕاگیرانی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە و گەرەنتی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ، هەوڵی جددی بدەن .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین