پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارنامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ژانویەی ٢٠٢٦ پەسندکرا، سەرکوتی توندوتیژانە و کوشتنی ناڕازییان لە ئێران بە توندی مەحکوم کرد و هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ گەلی ئێران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ڕەوای ئەوان ڕاگەیاند. بڕیارنامەکە بە ٥٦٢ دەنگی بەڵێ و ٩ دەنگی نەخێر و ٥٧ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.
لە بڕیارنامەکەدا، نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و ڕاگرتنی لەسێدارەدان و ئازادکردنی بێ مەرجی دەستگیرکراوەکان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی سەرکوتکردنیان کرد. پەرلەمانی ئەوروپا هەروەها هۆشداریدا لەوەی سەرکوتی حکومەتی ئێران لە ڕێگریکردن تێپەڕیوە و بەرەو نەهێشتنی ئامانجدار و سیستماتیکی هەنگاوی ناوە.
پەرلەمانی ئورووپا لە درێژەدا داوای لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا کرد کە دەستبەجێ سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و سەرجەم لقەکانی لەوانە بەسیج و سوپای قودس بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و لە هەمان کاتدا گەمارۆ ئامانجدارەکان، لەوانەش بەستنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی ڤیزا، لەدژی بەرپرسان و دامودەزگاکانی پەیوەست بەو سەرکوتکردنە فراوانتر بکەن و بە توندی جێبەجێ بکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا وێڕای پێشوازیکردن لەم هەڵوێستە ڕوونە، وەبیر دەهێنێتەوە کە پێشتر بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی داوای لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا کردووە کە سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بخاتە لیستی ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا، لەوانەش ڕێسای ٢٠٠١/٩٣١/CFSP و ڕێسای (EC) ژمارە ٢٥٨٠/٢٠٠١.
هانا لە پرۆژە یاساییەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوپای پاسداران دامەزراوەیەکی ئاسایی ئەمنی نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی ڕێکخراوە بە پاڵپشتی یاسایی و دامەزراوەیی و ئابوورییەوە کە ڕۆڵی ناوەندی لە سەرکوتکردنی ناوخۆیی و ئۆپەراسیۆنەکانی سنوور بەزاندندا دەگێڕێت.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە بارودۆخێکدا کە لە هەمان کاتدا توندوتیژیەکان پەرەدەستێنن، داخستنی ئینتەرنێتی سەرتاسەریش بووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی کوشتنەکان و پێشگرتن لە بەڵگەنامەسازی، یەکێتیی ئەورووپا دەبێ بەڵێنەکانی لە سنوور بەزاندنی مافی مرۆڤ وەربگێڕێتە کرداری کردەیی بۆ پێشگرتن لە بەردەوامی کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئێران.
