بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی ئارمان شادیوەند گۆرانیبێژ ، ئاواز دانەر و چالاکی ژینگە پارێزی خەڵکی دەرەشار ، لەلایەن لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام پشتڕاستکرایەوە و سزاکە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گوڵانی ٢٠٢٥ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە .
ئارمان شادیوەند لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی “بێڕێزی بە ڕێبەری حکومەتی ئێران” بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ٨ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو . سزای دەرکراو بەبێ هیچ جۆرە کەمکردنەوەیەک لە قۆناخی تێهەڵچوونەوەشدا پشتڕاست کراوەتەوە .
دوابەدوای دەرکردنی تۆمەتنامە لە لایەن دادگای گشتی و شۆڕشی دەرەشار ، دۆسیەکەی بە سەر دوو بەشدا دابەشکرا و ڕەوانەی دادگای شۆڕش و تاوانەکان کرا .
ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ، بۆ لقی دوویی دادیاری دادسەرای گشتی و شۆڕشی دەرەشار بانگ کرا و دوای سەردانی بۆ دادگا دەستبەسەر و دوای ڕۆژێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ماەپارە ئازاد کرابوو .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرکردن و پشتڕاست کردنەوەی ئەو جۆرە حوکمانە لە دژی چالاکانی مەدەنی و ژینگە پارێزی ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ڕەوتی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکیە ئاشتیخوازانەکان لە ئێراندا .