بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: سزای سێدارەی شەریفە محەمەدی، چالاکی کرێکاری و زیندانی سیاسی، لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵاتەوە پەسند کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم لقە پێشتر بە هۆکاری هەبوونی کێشەی جۆراوجۆر ، سزای سێدارەی ئەوی ڕەت کردبووەوە.
ئەمیر رەئیسیان پارێزەی ئەم زیندانیە سیاسیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: دیوانی باڵا وێڕای ناڕونیەکان لە دۆسیەکەدا بە تایبەتیش نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی چەکداری، پشتڕاست نەبوونەوەی ئەندامیەتی لە گروپە چەکدارەکان و ناڕەزایەتییەکانی ناو تیۆری کەفالەت، دادگای باڵا ئەمجارەیان سزای لەسێدارەدانی پشتڕاستکردووەتەوە.
بە وتەی ئەم پارێزەرە، دوای هەڵوەشاندنەوەی سەرەتایی لە دادگای باڵا دۆسیەکە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ڕەشت کراوە بەڵام دادگا بەبێ یەکلاییکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، تەنها بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی فەرمانبەرانی ئەمنی، سزای لەسێدارەدانی دەرکردەوە.
ڕەئیسیان دەشڵێت: پێشبینی دەکرا دادگای باڵا جارێکی دیکە سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە ئەوە ڕووی نەدا، بەڵام هێشتا هیوادارین ئەم حوکمە لە کاتی دووبارە دادگاییکردنەکەدا هەڵبوەشێتەوە.
شەریفە محەممەدی لە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
ئەوسەرەتا بۆ زیندانی لاکانی ڕەشت و پاشان لە ٢٥ی بەفرانباری١٤٠٣ بۆ بەندیخانەی سنە گواسترایەوە و دواتر پاش ماوەیەک گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ڕەشت.
خاتوو محەممەدی لە مانگی جۆزەردانی١٤٠٤ لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ڕەشت بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام، کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن” دادگایی کرا.
دواجار لە ٤ی پوشپەڕی١٤٠٣ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ڕەشتەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
شەریفە محەممەدی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی یارمەتیدانی دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە و ئەم لێژنەیە هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبی کۆمەڵەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی دادوەری بە تۆمەتی ئەندامێتی لەم حیزبەدا بە “بەغی” تۆمەتباری کردووە.