هانا : لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وەهاب خەدیری پور ، خەڵکی مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێنراوە و سزاکە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤، پێی ڕاگەینراوە .
ناوبراو لە رێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوای بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ماهاباد بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا و پاشان لە رێکەوتی یەکی ڕەشەمە ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .
شایانی باسە ، وەهاب خەدیری پور کوڕەمامی “شەماڵ خەدیری پور” لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی و برای “سۆهراب خەدیری پور” ئەندامی حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە ساڵی ١٤٠٠ ، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراوە .