هانا : ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤، وەهاب خەدیری پور ، خەڵکی مەهاباد ، دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری ئەحکامی کەیفەری ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای زیندان ، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا .
وەهاب خەدیری پور پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێنراوە و سزاکە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤، پێی ڕاگەینرابوو .
ناوبراو لە رێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوای بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ماهاباد بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا و پاشان لە رێکەوتی یەکی ڕەشەمە ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .
شایانی باسە ، وەهاب خەدیری پور کوڕەمامی “شەماڵ خەدیری پور” لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی و برای “سۆهراب خەدیری پور” ئەندامی حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە ساڵی ١٤٠٠ ، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراوە .