هانا زانیویەتی کە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ژمارەیەک لە هێزەکانی (ئیتنیزامی) پۆلیس لە شاری بوکان بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو قوتابخانەی کوڕانی “بروجردی” لە مەیدانی فەرهەنگیانی بۆکان وسوکایەتیان بەو خوێندکارانەی کە جلوبەرگ و جامانەی کوردییان لەبەردا بووە کردووە و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێکردوون
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان ، هێزەکانی پۆلیس لەگەڵ گەیشتنیان ڕایانگەیاندووە کە بەنیازن سەرجەم ئەو خوێندکارانەی کە جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە دەستبەسەر بکەن . لە حەوشەی قوتابخانە هێزەکانی پۆلیس وێڕای جنێودان و بەکارهێنانی زمانێک کە بۆ ژینگەیەکی پەروەردەیی گونجاو نیە داوایان لەو قوتابیانە کردووە کە جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە خۆیان بناسێنن و لە گۆشەیەکی جیا لەوانی تر چاوەڕێ بکەن .
سەرچاوەیەک لەمبارەوە بە هانای ڕاگەیاند ، ئەم ڕەفتارە لەگەڵ توندوتیژی زارەکی هێزەکان کەشێکی ترس و تۆقاندنی لەنێو خوێندکارەکاندا دروستکردبوو .بەپێی لێدوانی ئامادەبووان ، دوای داواکاری و نێوەندگیری بەڕێوەبەری قوتابخانە و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانە و “بەڵێن بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە” هێزەکان دەستبەرداری دەستبەسەر کردنی قوتابیەکان بوون و قوتابخانەکەیان بەجێهێشتووە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە قووڵی ئیدانەی ئەو جۆرە بێ ڕێزیکردنە بە قوتابخانەکان و هەڕەشەکردن لە خوێندکاران لەلایەن هێزەکانی ئینتیزامی دەکات. چوونە ژوورەوەی هێزی سەربازی و ئەمنی تەنانەت بە پشتبەستن بە هەندێک یاسای ناوخۆ وەک یاسای قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن و بازنەی وەزارەتی پەروەردە قەدەغەیە . بەڵام لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن و ژیان ، ئازادیدا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان یاساکانیان پێشێل کردووە و چەندین جار هەوڵی ڕفاندنی قوتابیانیان داوە .