رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ناڕەزایەتی فەرمی خۆی لە هەمبەر دانانی عەباسعەلی کەدخودایی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەک یەکێک لە ئەندامی ناسێندراو بە دادگای هەمیشەیی داوەری (PCA) بۆ سکرتێری گشتی ئەم دادگایە ناردووە و نیگەرانی قوڵی خۆی لە ئاست ئەم دامەزراندنە دەربڕیوە.
دادگای هەمیشەیی داوەری کە بەپێی رێککەوتننامەی ١٩٠٧ی لاهە چالاکی دەکات، داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات تەنها کەسانێک بە لیستی چوار کەسی خۆیان زیاد بکەن کە وێڕای بە توانا بوونیان لە بواری یاسایی خاوەن کەرەکتەری ئەخلاقی بەرز بن. ئەم پێوەرە بە مەبەستی دڵنیابوونە لە بێلایەنی متمانەپێکراوی پڕۆسەی داوەری نێودەوڵەتی.
بەم پێیە هانا لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدنێوی کەدخودایی لە سەر بەشداری لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ، لەگەڵ هاتنەدی ئەم مەرجە بنەڕەتیە یەکناگرێتەوە و تەواو پێچەوانەیە.
ئەو ساڵانێک لە ئەنجومەنی پارێزەران کۆمەڵێک پۆست و کاری وەک پسپۆڕی یاسایی هەڵبژێردراو، وتەبێژی ئەنجومەن و ئەندامی دەستەی ناوەندی چاوەدێری هەڵبژاردنەکان هەبووە ؛ دامەزراوەیەک کە پێشێلکاری سەرەکی مافی هەڵبژاردن و هەڵبژرادراوبوونە لە ئێراندا.
ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵی بنەڕەتی کەدخودایی لە پێشێلکردنی مافی بەشداری سیاسی و مافی هەڵبژاردنی ئازاد نیشان دەدەن.
لە نامەکەی هانادا ئاماژە بەوە دەکات کە کەدخودایی بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ١٣٩٨، ڕایگەیاندبوو کە “قسەی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەتوانێ زەمینەی لێسەندنەوەی شایستەیی بێت”، بابەتێک کە بە ڕوونی پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری سیاسییە.
جگە لەوەش، هانا ئاماژەی بەوەداوە کە کەدخودایی لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ لەلایەن ئەمریکا و کەنەداوە بەهۆی ڕۆڵی لە ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و بەشداریکردن لە پێشێلکارییە گەورە و سیستماتیکییەکانی مافەکانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنراوە.
بەم پێیە، هانا ڕایگەیاندووە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشینانەی کە بەردەستن، دانانی تاکێک کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە بێبەشکردنی شارۆمەندان لە مافە بنەڕەتییەکانیان هەبووە، لەگەڵ پێوەری “کاراکتەری ئەخلاقی ڕوون” کە بنەمای یاساییە بۆ دانانی ئەندامانی دادگای هەمیشەیی داوەری ناگونجێت.
لە کۆتاییدا، هانا داوای لە دادگای داوەری هەمیشەیی کردووە کە بە جددی سەرنجی ئەم ناکارامەیی ئەخلاقییە بدات و میکانیزمێکی گونجاو دابنێت بۆ ئەوەی کەسێکی بەدناوی وەها کە پێشینەی پێشێلکاری مافی مرۆڤی هەیە نەخرێتە ناو لیستی داوەرانی ئەم دادگایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا
١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥




