بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا: زیاتر لە ٨٧ ڕۆژە چیاکۆ رەزایی وەرزشکاری خەڵکی سنە دەستبەسەر کراوە بەڵام وێڕای ئەوەی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بۆ دیاری کراوە هێشتا ئازاد نەکراوە و هیچ جۆرە زانیاریەک لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نیە و ئەم دۆخەش نیگەرانی قوڵی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم شارۆمەندەی لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاند، کە بنەماڵەی چیاکۆ رەزایی لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی نیە و وێڕای سەردانیکردن و بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ دامەزراوە ئەمنی و داوەریەکان هیچ جۆرە وڵامێکیان دەست نەکەوتووە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد، بڕیاری دەستبەسەر کردنی چیاکۆ تا رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١ی دێسامبری ٢٠٢٥) درێژ کرابووەوە و ئەم ماوەیە ئەمڕۆ کۆتایی هاتووە بەڵام ئازاد نەکراوە.
شایانی باسە چیاکۆ رەزایی لە رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
