بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە چیاکۆ رەزایی وەرزشکاری خەڵکی سنە دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاند، بنەماڵەی چیاکۆ ڕەزایی لە ساتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی نیە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد، بنەماڵەی چیاکۆ سەرەڕای سەردانی بەردەوامیان بۆ دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکان، لە لایەن ئەم دامەزراوانەوە تا ئێستا هیچ وڵامێکیان لە سەر چارەنوسی نەدراوەتەوە.
هەروەها سەرچاوەکە زیادی کرد، بڕیاری دەستبەسەری چیاکۆ ڕەزایی تا رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، (١ی دێسامبری ٢٠٢٥) درێژ کراوەتەوە.
شایانی باسە، چیاکۆ رەزایی لە رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

