بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتووە بە هانا : فەردین مەولودی شارۆمەندی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنە ، زیاتر لە ٢٥ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە زانیاریەک لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نیە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ئەم شارۆمەندەیان بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزاوە .
فەردین مەولودی پێشتریش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە .
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەولودی بە هانای ڕاگەیاند ؛ لەم ماوەیەدا فەردین لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و بەرپرسانی ئەمنی هیچ جۆرە وڵام و ڕونکردنەوەیەکیان پێشکەش بە بنەماڵەکەی نەکردووە و ئەمە دۆخەش نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەوی لێکەوتووەتەوە .