بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: زیاتر لە ٧٧ ڕۆژە دلێر سەلیمی تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی عەبدولرەحمان، خەڵکی سەقز، بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نیە و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێکەوتووەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان دلێر سەلیمیان لە جاددەی ساوە دەستبەسەر کرد و دوای دوو ڕۆژیش هاوسەرەکەی بە ناوی “ژیلا تەشەکۆری” خەڵکی سەقز، بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بڕیاری دادوەر لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ژیلا تەشەکۆری دوای نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
شایانی باسە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە کوردە هیچکام لە دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکان تا ئێستا وڵامێکی ڕوونیان لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردن ، شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی تەندروستی ئەو نەداوەتەوە و ئەمەش نیگەرانی قوڵی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێکەوتووەتەوە.