بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی “مەهدی حەسەنی و بێهروز ئیحسانی ئیسلاملو” بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگوێزراون .
ئەم دوو بەندکراوە سیاسیە لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٣ ، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاراونەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئیمان ئەفشاری” سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێنرا و ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار سزاکە بەبێ تێپەڕاندنی قۆناخەکانی پێداچوونەوە لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە .
بێهرۆز ئیحسانی ئیسلاملو لە دایکبووی ١٣٣٤ تەمەن ٧٠ ساڵ ، خێزاندر ، خاوەن دوو منداڵ و دانیشتووی تارانە .ناوبراو لە خەزەڵوەری ١٤٠١ ، لە ماڵەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین ڕاگوێزرا و دوای ٣مانگ و نیو ئەشکەنجە و لێپرسینەوە بۆ بەندی ٤ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا .
بێهروز ئیحسانی لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٣ ، دوای ٢٢ مانگ ، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتەکانی “بەغی ، موحاربە ، ئەفساد فی العەرز ئەندامێتی لە رێکخراوی موجاهیدین ، کۆکردنەوەی زانیاری تایبەت و کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لەگەڵ بەندکراوی سیاسی “مەهدی حەسەنی”سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو و سزاکە لە لایەن دادگاوە بە پارێزەری ئەم دوو بەندکراوەیە ڕاگەینرابوو .
مەهدی حەسەنی لە دایکبووی ١٣٥٥ ، خەڵکی شاری زەنجان ، خێزاندار و خاوەن ٣ منداڵە .ناوبراو ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١ ، لە زەنجان دەستبەسەر و دواتر بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا ، ئەو ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بوو و دواتر بۆ بەندی ٨ی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرابوو .