بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : قانع خاتری چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتی قازی “موستەفا عەزیزی” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری سزا دراوە .
ناوبراو پێشتر لە رێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣، بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە بانگ و دوای چەند کاژێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو .
ئەو هەروەها لە رێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزرا و دواتر لە رێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو .
قانع خاتری لە چالاکە مەدەنیە ناسراوەکانە کە پێشریش پێشینەی دەستبەسەر کران و سزادانی هەبووە .