مەترسی دیپۆرت کردنەوەی دوو پەناخوازی سیاسی کورد لە تورکیاوە بۆ ئێران

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لەیلا عەزیزی و ناسر مەحمودی ، دوو پەناخوازی سیاسی کورد لە ڕێگای ڕۆیشتنیان بۆ وڵاتێکی ئەوروپی لە تورکیا لە لایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر و بۆ کەمپی ئاگرین ڕاگوێزراون .ئەم ژن و مێردە چالاکە سیاسیە ، چەندین ساڵ ئەندامی حزبێکی کوردستانی ئێران چالاکی سیاسیان ئەنجامداوە ، چەند مانگێک لەمەوبەر بە مەبەستی ڕۆیشتنیان بۆ وڵاتێکی ئەوروپی لە تورکیا دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە ڕاگوێزراون کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆلیسی تورکیا بە مەبەستی دیپۆرت کردنەوەیان ئەوانی بۆ کەمپی ئاگرین ڕاگواستووە .

لەیلا عەزیزی و ناسر مەحمودی خەڵکی شاری سەقزی کوردستانی ئێرانن کە ساڵانێک ئەندامی یەکێک لە حزبەکانی کوردستانی ئێران بوون و لە ئەگەری دیپۆرت کردنەوەیان بۆ ئێران ڕووبەڕووی سەپاندنی سزای قورس و نامرۆڤانە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەبنەوە ، بۆیە ئەمنیەتی گیانی ئەم دوو پەناخوازە لە دەست حکومەتی تورکیایە و داوا لە بەرپرسانی کار و باری پەناخوازان لەو وڵاتە دەکەین کە حوکمی دیپۆرتی ئەم دوو پەناخوازە سیاسیە هەڵوەشێننەوە .

دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەی کە لە وڵاتی خۆیاندا ئەمنیەتی گیانیان نیە ، پێچەوانەی  پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین