بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ ، مینا ڕەسوڵپور پەرستاری خەڵکی مەهاباد کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێناوە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ ئەم شارۆمەندە بە هۆی خراپی دۆخی تەندروستی لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوشتن ، لە نەخۆشخانەی شنۆ بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ ڕاگوێزرابوو بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستداوە .
مینا ڕەسوڵپور خێزاندار ، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی مەهاباد لە شەبەکەی بێهداشتی قەزای ناڵۆسی شنۆ کاری دەکرد .
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ ناوبراو لە دۆخێکی ئابووری خراپدا بووە و هاوسەرەکەی بە هۆیی کێشەی جەستەیی ماوەیەکە بە ناچار خانەنشین بووە .
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد ؛ هۆکاری ئەم کارەی مینا ڕەسوڵپور گوشاری ئابووری و هاوکات گوشاری دەروونی بووە .
پێویستە وەبیربهێنرێتەوە کە لەم ساڵانەدا دیاردەی کۆچ و خۆکوشتنی پەرستارانی ئێرانی ڕوو لە زیادبوونە ، هەروەها گوشاری ئابووری و دەروونی بە تایبەتیش بۆ ئەو ژنانەی کە سەرپەرشت و سەرۆکی خێزانن لە سیستەمی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا وایکردووە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر ببنەوە .