رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا محەمەد ساڵحی مامۆستای سوننە مەزەب، پێشنوێژی مزگەوتی ئاوایی “کەلتەگە”ی سەر بە شاری بۆکان، لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گروپە دژبەرەکانی نیزام” گروپی ناسراو بە ئەنسارولسونە، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندراوە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، محەمەد ساڵحی لە رێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە ئاوایی کەلتەگە دەستبەسەر و دواتر بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوە و دوای دوو مانگ دەستبەسەری لە گرتووخانەی ئیتڵاعاتی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.
شایانی باسە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سەر ئەم مامۆستایە دوای نزیکەی نۆ مانگ لە سەرەتاکانی مانگ بەفرانباری ١٤٠٤، لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوەچووە و سزای دەرکراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم مامۆستایە ڕاگەیندراوە.
