بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، محەمەد ئەڵڵارەزایی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی دێولان و ئەندامی “کۆمەڵەی کولتوری کۆمەڵایەتی نۆژین” لە لایەن دادگای کەیفەری ئەم شارەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نزام” بە یەک ساڵ بەندکران سزادراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا و بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی لاپەڕەی فەرمی کۆمەڵەی نۆژین، ئەوسزایە کە پێشتر باس کرا لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری دێولانەوە دەرچووە.
محەمەد ئەڵڵا رەزایی تەمەن ۳۷ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک لە ڕێکەوتی ۲۱ی پوشپەڕی ۱٤۰٤، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە دوای ٥٥ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی ٨۰۰ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ئازاد کرابوو.
