بەپێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: مامۆستا محەمەد خزرنژادمامۆستای ئایینی کوردی سوننە مەزەب، لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی لە شاری بۆکان، دوای سێ ساڵ بەندکران بۆ یەکەمجار لە بەندیخانەی ناوەندی سنە مەرەخەسی پێدرا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی هانا، ئەم مەرەخەسیە لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، دەستی پێکردووە و بە دانانی بارمتەی قورس و ڕەزامەندی داواکاری گشتی سنە بەم مامۆستایە دراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، درێژ کردنەوەی مەرەخەسیەکە گرێدراوە بە ڕچاو کردنی دۆخ و ئەو سنوورانەی لە لایەن دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەریەوە بۆ مامۆستا دیاری کراوە بە تایبەتیش خۆبەدوور گرتن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستایان و چالاکانی سوننە مەزەب.
مامۆستا خزرنژا لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١، دوای پێشکەشکردنی وتار لە ڕێورەسمی ئەسپەردەکردنی یەکێک لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان، لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپا و پاشان بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.
ئەو دوای چەند مانگ لێپرسینەوە و ڕاگیرانی لە گرتووخانە ئەمنییەتیەکان، لە لایەن دادگای شۆڕشەوە سزای سێدارە و ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا و ئەم حوکمە دوای ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک و گوشاری بیروڕای گشتی بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
شایانی باسە ئەم مامۆستا سوننە مەزەبە کوردە، لەو کەسانەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری هەڵوێستە ڕەخنەگرانە و چالاکیە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانیەوە لە بارودۆخێکی سەختدا لە بەندیخانە ڕاگیراوە.