مامۆستا ئایەت غولامی لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی هەمەدانەوە سزای دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرا

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە مامۆستا ئایەت غولامی ، مامۆستای سوننە مەزەب و پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی “محەمەدموستەفا” لە کرماشان ، لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی هەمەدان سزای دوو ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندراوە .

بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ؛ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی ئەم مامۆستا کوردەی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت ، بڵاو کردنەوەی بابەتی ناڕاست و تێکدانی بیری گشتی” دادگایی کردووە و سزای دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپاندووە .
ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەدانی ١٤٠٤، بە مامۆستا ئایەت ڕاگەینراوە و بە پێی یاسا ساڵێک لە سزاکە جێبەجێ دەکرێت .
ئەم مامۆستا کوردە ماوەی ٢٠ ڕۆژی کات لە بەردەستە کە ناڕەزایەتی بەرامبەر سزاکە دەرببڕێت .

شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غولامی بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی کرماشان بانگ کرابوو .
ئەم بانگ کردنە لە کاتێکدابوو کە ئەو پێشتر لە رێکەوتی ٦ی گوڵانی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی دادڕەسی لە گرتنگە ئازاد کرابوو .
مامۆستا ئایەت ، مامۆستای زانیاری ئایینی پێشتریش لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، بۆ حەراسەتی ناوەندی رۆحانیەتی کرماشان بانگ و بە بڕیاری ئەم دامەزراوە ئەمنییە ، سەرجەم چالاکیە ئاینییەکانی لە مزگەوت قەدەغە کرابوو .
ئەو لەم ساڵانەدا چەندین جار بە هۆکاری هەڵوێستە ڕەخنەگرانەکانی لەوانەش پشتیوانی نەکردنی لە هەڵبژارنەکان ، واژۆ کردنی بەیاننامەی مەحکومییەتی ئێعدامی مامۆستا محەمەد خزرنژاد ، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستبەسەر کرانی مامۆستایان ، ڕەخنە گرتنی لە کوشتنی کۆڵبەران و بەڕێوبردنی ڕێورەسمی ئایینی سوننە مەزەبەکان ، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە گوشاری خراوەتە سەر .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین