هانا : ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غولامی ، مامۆستای ئایینی سوننە مەزەب و پێشنوێژی پێشوویی مزگەوتی “محەمەد موستەفا”ی کرماشان ، دووبارە بۆ دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی ئەم شارە بانگ کراوە .
ئەم بانگ کردنە لە کاتێکدایە کە ئەو پێشتر لە رێکەوتی ٦ی گوڵانی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی دادڕەسی لە گرتنگە ئازاد کرابوو .
مامۆستا ئایەت ، مامۆستای زانیاری ئایینی پێشتریش لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، بۆ حەراسەتی ناوەندی رۆحانیەتی کرماشان بانگ و بە بڕیاری ئەم دامەزراوە ئەمنییە ، سەرجەم چالاکیە ئاینییەکانی لە مزگەوت قەدەغە کرابوو .
ئەو لەم ساڵانەدا چەندین جار بە هۆکاری هەڵوێستە ڕەخنەگرانەکانی لەوانەش پشتیوانی نەکردنی لە هەڵبژارنەکان ، واژۆ کردنی بەیاننامەی مەحکومییەتی ئێعدامی مامۆستا محەمەد خزرنژاد ، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستبەسەر کرانی مامۆستایان ، ڕەخنە گرتنی لە کوشتنی کۆڵبەران و بەڕێوبردنی ڕێورەسمی ئایینی سوننە مەزەبەکان ، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە گوشاری خراوەتە سەر .