بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی دووشەممە “٥ی خەرمانانی ١٤٠٣” کچێکی تەمەن ١٧ بە ناوی “موبینا زەینی وەند” خەڵکی ئاوایی “گەرزلنگەر”ی سەر بە دەرەشاری ئیلام لە لایەن باوکیەوە بە چەک کوژراوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ موبینا زەینی وەند بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک لە لایەن باوکیەوە بە بیانوویی بەرگری لە ناموس بە چەکی ساچمەیی کوژراوە .
شایانی باسە میدیاکانی سەر بە حکومەت هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوەیان بڵاو نەکردووەتە و تەنانەت تەمەنی کوژراوەکەشیان ساڵێک زیاتر لە تەمەنی خۆیی باس کردووە .
شایانی باسە کوشتنی کچان و ژنان بەهۆی نایەکسانی پەیوەندی دەسەڵاتی نێوان ژن و پیاو و باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری ڕوودەدات. لە کۆمەڵگایەکدا کە کولتووری پیاوسالاری زاڵ بێت، پیاوان دەسەڵاتی زیاتریان هەیە و زاڵن بەسەر ژناندا. لە کۆمەڵگایەکی وادا ژنان دەچەوسێنەوە و بەها و گرنگی و مافی کەمتریان هەیە و ناچارن ملکەج گوێڕایەڵی داواکاری پیاوان و بن. جگە لەوەش لەم فەرهەنگەدا چەندین مەرج و دۆسیە ی نەخێر بۆ ژنان دروست بووە و پێشێلکردنی ئەو مەرجانە (کە بە نۆرم ناسراوە) ڕەنگە ببێتە هۆی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و ژیانی ژنەکە بکەوێتە مەترسیەوە. نموونەی ئەو کوشتنە نامووسیانەی کە لەم دواییانەدا لە میدیا گشتیە کاندا بڵاوکراونەتەوە. هۆکارێکی دیکە کە دەبێتە هۆی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، نەبوونی پاراستنی یاساییە بۆ ژنان ، تا ئێستا هیچ یاسایەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرنەچووە ، لە لایەکی دیکەوە ئەو یاسایانەی کە هەن بۆ پاراستنی ژیانی ژنان ڕێگری پێویست دروست ناکەن.