ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لە سەر دەستپێکی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی شارۆمەندان لە ئێران ڕایدەگەیەنێت، بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە میدیاکانی سەر بە دامودەزگا حکومییەکان بڵاوکراونەتەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٣ شارۆمەند لە پارێزگا جیاجیاکانی ئەو وڵات بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و کردەوەی دژی ئاسایش دەستبەسەر کراون.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، لە چەندین ڕاپۆرتی جیادا بەبێ ئەوەی ناسنامەی دەستبەسەرکراوان و پرۆسەی یاسایی دۆسیەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاری بکات باسی ئەو دەستبەسەرکردنانەی کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە شاری ورمێ، ٢٠ کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ناردنی وردەکارییەکانی شوێنی سەربازی، ئینتیزامی و ئەمنییەکان، دەستبەسەر کراون. هەروەها لە پارێزگای لوڕستان، سێ شارۆمەند بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست و سووتاندنی هێماکانی ماتەمینی و ناردنی وێنە و ڤیدیۆی شەڕ بۆ میدیای بیانی دەستگیر کراون.
لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویش ١٠ کەس بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری و دیاریکردنی شوێنی شوێنە هەستیارەکان و ژێرخانی ئابووری دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتنەوەی ناسنامەی دەستبەسەرکراوان بە نهێنی و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەری سەربەخۆ و دانانی تۆمەتی ئەمنیی جددی بەبێ دابینکردنی بەڵگەنامەی گشتی پێشێلکارییەکی جددی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. هانا وەبیردێنێتەوە کە لە کاتی قەیرانەکاندا بەکارهێنانی ئامرازی تۆمەتی ئەمنی لە دژی شارۆمەندان بنەما بۆ پێشێلکردنی فراوانتری مافە مەدەنییەکان دروست دەکات و فشارەکان لەسەر کۆمەڵگا زۆرتر دەکات. هانا داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکات کاردانەوەیان هەبێ و داوا بکەن کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕوونکردنەوەیەکی خێرا لە بارەی چارەنوس و شوێنی مانەوەیان و گەرەنتی تەندروستی جەستەیی و دەروونییان بدەن.
