ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٤) ، کاسبکاران و سەندیکاکان لە شارە گەورەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە دوو زیندانی سیاسی کورد پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لەسەر بانگهێشتی حیزبەکانی کوردستان دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد .

بەپێی ئەو وێنانەی کە گرووپی لێکۆڵینەوەی هانا پشتڕاستی کردووەتەوە لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەرە، مەهاباد ، شنۆ ، کرماشان، ئیسلام ئابادی غەرب، بوکان، کامیاران، بانە و ئیلام بازاڕ و سەندیکاکان بە تەواوی داخرابوون.شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردو کاسبکاران بۆ هەر بەشدارییەک لەو مانگرتنەدا لە ژێر گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکاندا بوون .

سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشەیە خەڵکی شارە جیاوازەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازییان لە بانگەوازی مانگرتنەکە کرد.

دوابەدوای مانگرتنی گشتی هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە و سنە دەستیان کرد بە پڵۆمپ کردنی نایاسایی هەندێک دوکان و شوێنە بازرگانییەکان .

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان هێزە ئەمنییەکان لە یەک کاتدا هەوڵیانداوە بە پەیوەندیکردن و هەڕەشەکردن لە دوکاندار و بازرگانەکان ناچاریان بکەن مانگرتنەکە بشکێنن ، بەڵام بەرخۆدان و خۆڕاگری مەدەنی بەرچاو لەو بارەوە هەبووە و مانگرتنەکە بەردەوام بووە .هەروەها وێنەی هەلیکۆپتەرە سەربازییەکان کە بەسەر ئاسمانی هەندێک لە شارەکانیشەوە لەوانە سنە و ئیسلاماوای غەرب دەسوڕانەوە بڵاوکرانەوە .

هەر لەو پێوەندییەدا دوای چەند کاژێرێک لە پێکهێنانی مانگرتنی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان مەزیار تاتای یەکێک لە پارێزەرانی پەخشان عەزیزی هەڵپەساردنی حوکمی لە سێدارەدان و قبوڵکردنی دووبارە دادگاییکردنی ڕاگەیاند . ئەم پارێزەرە لە ئەکاونتی X ی خۆیدا ڕایگەیاند کە “ئەمڕۆ لە سەردان بۆ دادگای باڵای وڵات لەگەڵ هاوکاری بەڕێز ئەمیر رەئیسیان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ داواکاری دووبارە دادگایکردنی پەخشان عەزیزی لقی پێڕاگەیشتن بە داواکاری دووبارە دادگایکردن ، ڕەزامەندی دەربڕی لە سەر ڕاگیرانی جێبەجێ کرانی سزاکە لە جێبەجێ کرانی مادەی ٤٧٨ی یاسایی دادگایی دووبارە” .پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لە دەوڵەتە پەیمانبەستەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ و بە پشتبەستن بە بنەما گشتییەکانی ئەم پەیماننامەیە و بە تایبەت مادەی ٢١، پابەندە بە ڕچاو کردنی پەیمانی مافی مەدەنی و سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان لەوانەش ناڕەزایەتی و مانگرتن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە هەمیشە کەمترین دانپێدانانی یاسایی بە مافی ناڕەزایەتی دەربڕین نەداوە و هەوڵی داوە ئەو مافە بە تاوان بناسێنێت .

“مانگرتن” هەمیشە لە نەریتی خەباتی سیاسی لە کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی هەبووە وسەرەڕای هەموو فشارە ئەمنییەکان بەردەوام وەک یەکێک لە میتۆدە مەدەنی و ئاشتیخوازانەکان دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەکارهێنراوە و کەڵکی لێ وەرگیراوە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین