ماشەڵا کەرەمی سزای ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران جەریمەی نەخدی و دەستبەسەردا گرتنی موڵک و ماڵەکەی بەسەردا سەپێنرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هانا : ماشەڵا کەرەمی باوکی “محەمەد مەهدی کەرەمی” ناڕازی لە سیدارە دراوی شۆڕشی ژینا لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری نزام ئابادی کەرەجەوە بە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران یەک ملیارد و ٩٠٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی و دەستبەسەردا گرتنی موڵک و ماڵەکەی سزا دراوە .

بە پێی سزاکە کە بە ناوبراو ڕاگەینراوە ، ئەو بە تۆمەتی "بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی و بەشداری لە سپی کردنەوەی پارە" بە هەشت ساڵ و دە مانگ بەندکران ، یەک ملیارد و ٩٠٠ ملوێن جەریمەی نەخدی و دەستبەسەردا گرتنی داراییەکانی سزا دراوە و سزاکە ڕۆژی شەممە "٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣" پێی ڕاگەینراوە .

ماشەڵا کەرەمی پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای کەرەج بە تۆمەتی " کۆبوونەوە و پلانگێری و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ٦ ساڵ بەندکران سزا درابوو .

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵا کەرەمی لە رێکەوتی "٤ی گوڵانی ١٤٠٣" لە لقی دووی دادگای شۆڕشی کەرەج بەڕێوە چوو .

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو ، بەرێز شەریف زادە ئەردەکانی پارێزەری ماشاڵا کەرەمی ڕایگەیاندبوو : لە داواکاری پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی بریگرتەکەم چوار جۆرە تۆمەت وەپاڵدراوە کە دوو تۆمەتیان بۆ پێڕاگەیشتن ڕەوانەی دادگای کەرەج کراوە تۆمەتەکانی مادەی ٥٠٠ "چالاکی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" و مادە ٦١٠ "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی" و هەروەها تۆمەتەکانی مادەی ٩ی ڕووبەڕوو بوونەوەی سپی کردنەوەی پارە لە دادگای کەیفەری دوویی شاری نەزیرئاواش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت .
ماشاڵا کەرەمی باوکی محەممەد مەهدی کەرەمی ، ناڕازی لە سێدارەدراوی شۆڕشی ژینا ، لە ڕۆژی سێشەممە "٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢" لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان لە رێکەوتی ٦ی خەزاڵوەری ١٤٠٢ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی کەرەج ڕاگوێزرا و پاش سێ مانگ بەندکران لە کەرەنتینەوە بۆ بەندی ١٥ی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا .

پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە محەممەد مەهدی کەرەمی لاوی ناڕازی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی کەرەج لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەر کرا و پاشان بە تۆمەتی کوشتنی سەربازێکی بەسیجی بە ناوی "ڕوحوڵا عەجەمیان" بە لە سێدارەدان سزا درا و لە رێکەوتی "١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢" لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج لە سێدارە درا .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین