یەعقوب کەریمپور شارۆمەندی یارسان سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە یەعقوب کەریمپور شارۆمەندی شوێنکەوتوویی ئایینی یارسان، خێزاندار و خەڵکی شاری میاندواو کە لە جەریانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەجاد دوستی” بە تۆمەتی “ئەفساد فی الارز” لە ڕێگای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.

یەعقوب کەریمپور لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٣ خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە ژێر چاوەدێری ئیدارەی بێهزیستیە و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری یاسا لە زانکۆی مەراغە.

ناوبراو لە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە میاندواو دەستبەسەر کراو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ناوی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ناردنی زانیاری، لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا بووە.

ئەم شارۆمەندە لە ماوەی دەستبەسەری و تا ساتی ناردنی دۆسیەکەی بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوە چووە و لە دادگایەکی کورتماوەدا نزێک بە ١٥ خولەک، سزای سێدارەی ئەو بە تۆمەتی ئەفساد فی الارز لە ڕێگای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، دەرچووە و ئەم حوکمە لە رێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم شارۆمەندە ڕاگەیندراوە.

شایانی باسە ناوبراو لە سەرجەم قۆناغەکان دادگایی کرانیدا تۆمەتەکانی سەری ڕەت کردووەتەوە. دوای تانەی پارێزەری دۆسیەکە لە بەرامبەر سزای دەرچوو، دۆسیەکە بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی لقی ٩ی دادگای باڵای وڵات کراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین