ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمێک لە ژێر ناوی تاجی زێڕین لە شاری بانە و نیگەرانیە مافی مرۆییەکان لەمبارەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فێستیڤاڵێکی ئایینی بە ناونیشانی “تاجی زێڕین” لە شاری بانە بەڕێوەچووە کە بە هۆی پەرەپێدانی هێماکانی ئیسلامی توندڕەو نیگەرانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەو بۆنەیەدا نزیکەی ۷۰۰ ژن بەشدارییان کردووە، کە هەندێکیان تەمەنیان لە خوار ۱٨ ساڵەوە بووە، ڕێکخەرانی ئەو بۆنەیە ڕایانگەیاندووە، ئامانجی فێستیڤاڵەکە پەرەپێدانی “حیجاب” بووە.

ئەم فێستیڤاڵە رێکلامی نەخشێکی دیاریکراوی حیجاب دەکات کە پێشینەی مێژوویی لە جلوبەرگی ژنان لە کوردستاندا نییە.

ئەوەی زۆرترین نیگەرانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە، بوونی منداڵانە لە مەراسیمەکاندا بە لەبەرکردنی ئەم جۆرە لە حیجاب، کە کاریگەری لەسەر مافی منداڵ لە ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی ڕادەربڕین داناوە.

بەکارهێنانی کەشی گشتی و ناچارکردنی منداڵان بۆ لەبەرکردنی نموونەیەکی دیاریکراوی حیجاب، پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان و بەتایبەتیش مافی هەڵبژاردنی منداڵانە.

شایانی باسە لە کاتێکدا کە دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بە توندی کۆنترۆڵی سەرجەم چالاکییە مەدەنی و سیاسی و فەرهەنگییەکان دەکەن و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە بە هۆی سیناریۆکانی دەزگای ئەمنیەتییەوە زیانیان بەرکەوتووە و ڕووبەڕووی کەیسی یاسایی دەبنەوە،  لە حاڵێکدا ڕێوڕەسمێکی لەو شێوەیە بە ڕەزامەندی لایەنە ئەمنییەکان و بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بەڕێوەدەچێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قۆڵی خۆیی لە ئاست پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان لەم ڕێوڕەسمە ئایینییەدا، لە ئاست بەرەوپێشبردن و دەستێوەردانی حکومەت بۆ پڕوپاگەندەی مۆدێلە توندڕەوەکانی ئیسلام لە کوردستان هۆشداری دەدات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین