لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 100 چالاکڤانی کورد دەستگیرکراون

هێزە ئەمنییەکانی ئێران نۆ کەسی دیکەیان لە شارەکانی شنۆ و مەریوان دەستبەسەرکرد، بەمەش ژمارەی ئەو گیراوانەی، کە شوناسیان ئاشکرا بووە گەیشتە 98 کەس.

بەپێی هەواڵی رێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە تاوەکو دوێنێ شەممە لەنێوشار و گوندەکانی دەوروبەری شنۆ لانیکەم 8 کەس دەستبەسەرکراون. ئەو کەسانە هاونیشتمانی ئاسایی بوون و لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراون. لە مەریوانیش هاونیشتمانییەکی دیکە دەستبەسەرکراوە.
 
گرتنی چالاکڤانان کاردانەوەی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە،  کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لەبارەی دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی هاونیشتمانییان و چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای روونکردنەوە لە ئێران دەکەن.
 
رۆژی 29-1-2021، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لەبارەی دەستبەسەرکردنی چالاکڤانانی کورد بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ بەرپرسانی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و نووسینگەی جاوید رەحمان، ریپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆبووەوە و داوایکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاونیشتمانی و چالاکڤانانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە سەرکۆنە بکات و هەوڵی راگرتنی دەستبەسەرکردنەکان بدات.
 
تەیمور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لەبارەی وەڵامی ئەو دامەزراوانە بە داواکارییەکانیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا نامەی بەپەلە بۆ ئێران دەنووسن و داوا دەکەن رەشبگیری لاوانی کورد رابگرێت. هەروەها لە رێگەی دیپلۆماسییەوە گوشار دەخەنەسەر ئێران بۆ وەستاندنی دەستبەسەرکردنەکان.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممەش، 25 رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی، ئێرانی و نێودەوڵەتی بە هاوبەشی بەیاننامەیەک بۆ ئیدانەکردنی ئەو دەستبەسەرکردنانە بڵاوبکەنەوە.
 
هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی چالاکڤانانی کوردیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستپێکردووە.  لە رۆژی 9 تاوەکو 30ی ئەم مانگە، دەیان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون کە ناسنامەی 98 کەسیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست بووەتەوە.
 
شوێن و ژمارەی دەستبەسەرکراوان؛
 
پارێزگای ورمێ
 
– بۆکان: 21 کەس
– مهاباد: 15 کەس
– نەغەدە: 9 کەس
– شنۆ: 9 کەس
– پیرانشار: 8 کەس
– سەردەشت: 3 کەس
 
 
پارێزگای سنە
 
– مەریوان: 11 کەس
– سنە: 7 کەس
– سەوڵاوا: 4 کەس
– سەقز: 4 کەس
 
پارێزگای کرماشان
 
– کرماشان: 5 کەس
– جوانڕۆ: 1 کەس
– پاوە: 1 کەس
 
پارێزگای ئیلام
 
– ئیلام: 1 کەس

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین