هانا : ڕۆژی پێنج شەممە “١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣” فەرەیدون نەبی شارۆمەندی خەڵکی پیرانشار ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە .
فەرەیدون نەبی پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی “ئەمیر ئۆجاغلوو” بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات” بە ٤٣ مانگ بەندکران بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە حزبێکی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” بە ٣٥ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە ٨ مانگ بەندکران سزا درابوو .
هەروەها لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتی قازی “رەزا قەهرەمانی ساعەتلوو” بە تۆمەتی “هەڵگرتنی چەکی قاچاخ و فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆف” بە شەش مانگ بەندکران و دانی ٢٥ ملوێن ریاڵ جەریمەی نەخدی سزا درابوو .
ناوبراو لە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ پێشکەشکرانی بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی خۆسەرانە لە ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتیەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی هاتنی قۆناخەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوو .
فەرەیدون نەبی لە نیهایەتدا ڕۆژی سێشەممە “١٩ی گوڵانی ١٤٠٢” بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو .