عیسا ئیبراهیم زادە بەندکراوی سیاسی سەرەڕای نەخۆشی و گیانلەستدانی منداڵەکەی گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا گەیشتووە : عیسا ئیبراهیم زادە کە بە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵەکەیەوە “ئارێز” نێردرابووە مەرەخەسی ، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە .

ئارێز ئیبراهیم زادە لە دۆخێکدا گیانی لە دەستدا کە باوکی عیسا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی ، ڕێگای پێنەدرا لە کۆتا ساتەکانی ژیانی منداڵەکەی لە لای بێت و تەنانەت دوای مەرگی ئارێزیش تەنیا پێنج ڕۆژ مەرەخەسی پێدرا کە سەرەتا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای شۆڕشەوە ڕەزامەندی لە سەر نەدرابوو .

عیسا ئیبراهیم زادە تەمەن ٤٠ ساڵ ، خەڵکی ئاوایی “دێشەمس”ی پیرانشار ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە .ناوبراو پێشتر لە رێکەوتی “٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣” بە بۆنەی نەخۆشی دڵی منداڵەکەیەوە “ئارێز” داوای درێژ کردنەوەی ماوەی مەرەخەسیەکەی کردبوو بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە مەرەخەسییەکەیان بۆ درێژ نەکردەوە و ئەویش بە خواردنی حەپ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو .

ئەم بەندکراوە سیاسی و چالاکی کرێکاریە کوردە لە رێکەوتی “٣٠ سەرماوەزی ١٤٠١” لە ڕەوتی بزوتنەوەی شۆڕشی ژینا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە رێکەوتی٢٢ بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی تا کۆتایی پڕۆسەی دادڕەسی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرابوو .

ئەو هەروەها ڕۆژی چوارشەممە “٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١” لە لایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتی قازی “مەهدی رەزایی” بە تۆمەتی “بەشداری لە ناڕەزاییەکان ، پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” بە پێنج ساڵ بەندکران سزا درابوو و سێ ساڵ لە بەندکرانەکە بۆ ئەو جێبەجێ دەکرێت .

عیسا ئیبراهیم زادە ڕۆژی دووشەممە “١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ جێبەجێ کرانی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ڕاگوێزرا .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین